لە دونیای چەند میدیایی و جۆراوجۆری ئەو سەردەمەدا، پێشکەوتنی خێرا لە تێکنۆلۆژی و گۆڕانکاریی بەردەوام لە ئاکاری بەردەنگاندا ڕوو دەدا. پێوەندیی کاریگەر لەگەڵ بەردەنگان و قازانجبەران لەڕێی کاناڵە نوێکان و باشترکردنی شێوازەکانی نوێی بەڕێوبردنی قەیران و کێشەکان، لەسەرتردانانی کەڵکوەرگرتن لە ئاوەزی چێکراو، فێربوونی ماشێن، تاوتوێی پێشکەوتووانەی زانیارییەکان و بەکارهێنانی ستراتێژی نوێی پێوەندییە گشتییەکان و سوشیال میدیای دەوێت.
جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح وەک ڕێکخراوەیەکی مەدەنیی چالاکوانی هەمەلایەن، ساڵانێکە ڕوونی و ئاشکرایی کردۆتە سەرباشقەی چالاکی و کاردانەوەکانی خۆی؛ بەو پێیە چالاکیی سوشیال میدیایی ئەو ڕێکخراوەیە لەسەر ماڵپەڕ دوو دەهەی بەسەر بردووە.
بە سەرهەڵدانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵایەتیی نوێ، جەماعەتیش لە هێندێ بەستێندا، چالاکیی بەرچاوی هەبووە.
لەگەڵ تەواوی خاڵانی ئاماژە پێکراو، لە ئێستادا پێدەچێ ئەو ڕێکخراوەیە لە بواری میدیایی، بە مەبەستی پێوەندیی ژیرانە، کاریگەرتر، ئامانجدار و کاراتر بۆ خزمەتگوزاری زیاتر ڕووبەڕووی هێندێ پێداویستی بێت و دەبێ بۆ باشترکردنی بەستێن و ئامرازی پێوەندیی خۆی هەنگاوی بەڕۆژ و کارامە هەڵێنیتەوە.
هێندێک لەو خاڵە جێ سەرنجانەی بواری سوشیال میدیا لە خوارەوە ئاماژەیان پێ کراوە.
ئاڵۆزی و بەربڵاوی بواری بەڕێوبەرایەتی
تێکنۆلۆژی و سوشیال میدیا بەخێرایی گۆڕانکارییان بەسەردادێ، بۆیە بەڕێوبەرانی سوشیال میدیا پێویستە بەڕۆژ و تەیار بە کۆتا ئامراز و کەرەسە و زانستی نوێی ئەو بوارە بن؛ هەروەها توانایی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی بەرەوڕوویان هەبێ.
هەبوونی تیمێکی کارامە، شارەزا و پسپۆڕی بەڕێوبەرایەتی لەبواری سوشیال میدیا، پێوەندییە گشتییەکان و ڕاگەیاندنەکان هەنگاوێکی زۆر پێویستە.
پێوەندیگرتن لەگەڵ هەموو چەشنە بەردەنگان
جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح بەهۆی بەربڵاوی ڕۆماڵی جوگرافیایی چالاکییەکانی و بوونی بەردەنگانی جۆراوجۆر و فرەچەشن، پاراستنی یەکیەتی و یەکگرتوویی پەیامەکانی لە تەواوی کاناڵ و بەستێنەکانی پێوەندیی بۆتە کێشەیەکی جددی ئەو ڕێکخراوەیە. بەڕێوبەرانی پێوەندییە گشتییەکانی جەماعەت پێویستە پێوەندییان لەگەڵ بەردەنگان و قازانجبەرانی جۆراوجۆر هەبێ.
بە گشتیی هەر گرووپەش پێداویستی و داوای تایبەتی خۆی هەیە، بۆیە بەڕێوبەرانی سوشیال میدیا پێویستە بتوانن کە بە شێوەیەکی ورد و هەماهەنگ ڕێکاری گونجاو لەگەڵ هەر تاقمە داڕێژن.
بەڕێوبەرانی باڵای جەماعەتیش پێویستە دڵنیا بن کە پەیامەکانی جەماعەت بەشێوەی هەماهەنگ و یەکپارچە لە تەواوی کاناڵ و بەستێنەکانی ناوخۆ و دەرەوەی ڕێکخراوە ڕادەگوێزرێن.
هەڵبژاردنی دروشمی یەکپارچەیی و چالاک لە کۆنگرەی شەشەمی ئەو ڕێکخراوەیە، فەلسەفەی بوونی خۆی بەجوانی لەو بوارەوە نواندووە.
بەڕێوبەرایەتی کێشەکان و پێویستیی دەربڕینی هەڵوێستی خێرا
بەپێی جۆری پێکهاتەی بڕیار و کارگێڕیی جەماعەت؛ بەرێوەبەرایەتی کێشەکان، دەربڕینی هەڵوێست هەمبەر ڕووداوە کێشەسازەکان و قەیراناوییەکان، هاڵۆزی و بەربڵاوییەکی تایبەتی بەخۆ گرتووە. ئەو ئاڵۆزی و بەربڵاوییە لە پێکهاتەی بڕیاردان بەشێوەی سرووشتی لە خێرایی بڕیاردانی کەم کردۆتەوە و هێندێ جاریش دەربڕینی هەڵوێستی ڕووبەڕووی کاردانەوەی کێشاویی کردۆتەوە.
ئاشکرایە کە بەڕێوبەرانی بڕیاردەر دەبێ توانایی پێشبینی گرفتەکان، داڕشتنی ڕێکاری کاریگەر و پاراستنی متمانە و بڕوای ڕێکخراوەی لە دۆخی قەیرانیدا هەبێ.
بەوپێیە هەبوونی پێوەندییەکی ڕوون، کاریگەر و بەردەوام دەتوانێ بڕوا و متمانەی ڕێکخراوە بەتایبەت لەکاتی قەیرانیدا پتەو و بەهێز بکات.
سەرچاوە و بوودجەی پێویست
سوشیال میدیا بەهۆی بەربڵاویی کار و هەروەها پێویستبوونی بە کارناسانی پسپۆڕ و شارەزا لە نیگای یەکەمدا خەرجی زۆرە؛ لەگەڵ ئەوەش بەکارگرتنی بەڕێوبەرایەتییەکی پسپۆڕانە و سەرمایەگوزاری لە ستانداردکردنی چالاکییەکانی میدیا، دەسکەوتی وەهای بەدواوەیە کە لەگەڵ خەرجییەکانی بەراورد ناکرێ.
جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح لەو بوارەوە وەک زۆرێک لە لایەنە فیکری و ئیسلامییەکان ڕووبەڕووی کەمایەسی و کێشەی ڕوانگەیی و کردەیی بۆتەوە.
هەر ئەو بە قەناعەت نەگەیاندنی پێویست بۆ گرینگیدانی تایبەت بە سوشیال میدیا و تێکنۆلۆژی نوێی پێوەندیی لە نەناسینی بەردەنگان و قازانجبەرانی تر لە دەسکەوتی و بەستێنەکانی جەماعەت بە ڕوونی خۆی دەنوێنیت.
هەرچەند خاڵانی ئاماژە پێکراو بەواتای نکۆڵی و حاشا لە هەوڵ و چالاکییەکانی ئەو بوارەی جەماعەت نییە، بەڵکوو مەبەست ئەوەیە کە ئەو ئاستە لە کارەکان لەگەڵ خێرایی گۆڕانکارییەکان، پێویستیی و داوای بەردەنگان، هاوتا نییە.
دونیای ڕاگەیاندنەکان بەخێرایی گۆڕانکاری بەسەردا دێ؛ کەواتە ڕێکخراوەکان پێویستە خۆگونجێن بن و بتوانن خۆیان لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی دەورووبەر و ئاکاری بەردەنگانیان هاواهەنگ بکەن. جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح چینێکی بەربڵاوی لە بەردەنگان و قازانجبەرانی جۆراوجۆر هەیە. ئەو فرەچەشنی ئەندامان و بەردەنگانی جەماعەت جاری وایە جۆرێک کارتێکەری هەقڵیمەقۆیانەی نێوان نەریت و نوێ بۆ دێتە پێش.
بەهۆی گۆڕانکارییەکانی خێرا، بەربڵاو و قوڵی سوشیال میدیا و هەروەها تایبەتمەندی سیاسەتی ئەو بوارە، هەماهەنگبوون و باشترکردنی بەستێنەکانی سوشیال میدیا بۆ ڕێکخراوەیەکی وەک جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح زۆر پێویستە.
بەپێی بەڵگەکانی بەردەست و هەڵسەنگاندنی داهاتوونواڕی دۆخی ئێستا بەو ئەنجامە دەگەین کە پێداگری بەسەر بەستێنەکان، چوارچێوە سوننەتییەکانی چالاکیی و وریا کارنەکردن لە سەردەمێکی ئاوەزمەندانەی پێوەندیی و ڕاگەیاندندا، نەک تەنیا پێشکەوتنێکی بەرچاو و شیاو بەتایبەت لە بواری سوشیال میدیاوە بۆ جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح بەبار ناهێنیت، بەڵکوو لەوانەیە ببێتە هۆی دواکەوتن و داڕمانی ئەو دۆخە و تەنانەت میراتی ڕابردووشی بەبادا بدات.
بۆچوونهکان